✓ ویساڵی (1902 - 1973)

ئەی یاری جەفاکێش، دڵئازاری هەتا کەی
ئەی شاهی لاڵان پێم بڵێ نازاری هەتا کەی

فرمێسکی دوو چاوانم ئەکا هاژە وەکوو چەم
ئەی چاوی غەمان پێم بڵی خوونباری هەتا کەی

مەفتوونی زەدەی تۆم و برینداری دوو چاوم
ئەی شێوەپەری پێم بڵێ عەییاری هەتا کەی

پەروانەسیفەت سوختەیی بێپەڕوباڵتم
ئەی شەمعی شەبستان پێم بڵێ بێزاری هەتا کەی

بەینێکە منم ساکنی بَيتُ الحَزَنی غەم
ئەی تازەجەوان پێم بڵێ غەمباری هەتا کەی

دڵی بولبول بێچارە و ئالوودەیی شینە
ئەی شاهی گوڵان پێم بڵێ غەدداری هەتا کەی

شەو تاکوو سەحەر مەستم و مائیل بە فوغانم
ئەی نووری چەمان پێم بڵێ بێداری هەتا کەی

مەجنوون و سەراسیمە و بیمارە دوو چاوم
ئەی نەرگسی جان پێم بڵێ بیماری هەتا کەی

وەک شاهیدی کەنعان شەهی حوسن و جەمالی
ئەی شاهی زەمان پێم بڵێ دڵداری هەتا کەی

سەییادی دوو چاوانت ئەکا سەیدی دلی خەڵق
ئەی غارەتی دڵ پێم بڵێ شەرراری هەتا کەی

ئەی زینەتی فیردەوس تۆی جانی «ویساڵی»
ئەی ڕاحەتی دڵ، پێم بڵێ سەرشاری هەتا کەی

Kurdish_Poetry