٤٣٨٥
✓ قانع (1898 - 1965)
فیراقی یاری نازدارە ئەساسی بێقەراریمە
خەزانی عومری بێمایەم لە فەسڵی نەوبەهاریمە
فەلەک وا تەفرەقەی کردم لەسەر جێگە و مەقامی خۆم
نە هەر جارێ کە ئەم جارە ژمارەی سەد هەزاریمە
زەمانە وا چرای بەختی کوژانوومۆ بەیەکجاری
ئەڵێ تۆشەی قەبرسان و شەوی جومعەی مەزاریمە
لە تاریکی خەم و دەردا سروشکم ڕێ بە کۆش نابا
بە واژوونە بەسەر شانا فوارەی ئەشکباریمە
ئەگەر وەعدەم بە مەحشەر پێ بدا دولبەر گەلێ شوکرم
لەسەر پردی سیراتیشا خەیاڵی ئینتیزاریمە
بە هیجرانت ئەگەر قەتڵم نەکەی بێمیننەتە ئەی شۆخ
لە وەسڵا ڕۆح ئەبێ پێشکەش بکەم گەر لافی یاریمە
پەیاپەی بەندی دڵ دەردێنێ، خۆیشم قەت لە خۆ ناگەم
کە چون من دائیمەن مەیل و خەیاڵی سەنگساریمە
تەنەببوهـ گەر نەبم هەرگیز مەکەن مەنعم بە زەخمی دڵ
بە دینم «قانعا» عەینەن نیشانەی کوردەواریمە
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/10/13 ـدا کاتژمێر 21:38 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس