٤٣٨٤
✓ زاری (1905 - 1982)
خۆشە پێم شیددەت بسێنێ دەمبەدەم خوێنی جگەر
بەڵکوو ڕۆژێ بۆ مداوا ئەو تەبیبەم بێتە سەر
خاکی ڕێگاکەی بە برژانگم ئەماڵم تا نەگا
وەختی هاتوچۆ لە خار و خەس بە دامانی زەرەر
سورمەیێ بۆ بینشی چاوانی من دەس ناکەوێ
چاکتر لەو خاکە ئەو پاکە بەسەریا کا گوزەر
غونچە بۆ بینینی ڕوخساری کە چاوی هەڵبڕی
وا خەجاڵەت بوو بە شێتی کێو و هەردی گرتە بەر
حەسرەتی حوسنی وەکوو ئاور لە جەستەی بەر بووە
شەمع بۆیە وا ئەسووتێ ئەووەڵی شەو تا سەحەر
تۆ کە سۆزێکت لە شەوقی شەم لە خاتردا نییە
مەنعی پەروانە لە سۆزش بۆ ئەکەی ئەی بێخەبەر
وا خەیاڵی حاڵی ڕوخساری پەشێوی کردووم
نیمە فکر و بیر و هۆشی ئیمتیازی پا لە سەر
چون تەوافی کەعبەیی دیدارە ئاواتم ئەڵێم
من چ دەربەستم کە سەد دەردی گرانم بێتە بەر
«زاریا» بێ ڕەنج گەنجی ئارەزوو دەس ناکەوێ
خەرمەنی مەقسوود کەی دەس کەوتووە بێ دەردەسەر
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/10/11 ـدا کاتژمێر 20:55 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|