✓ ئەحمەدی کۆر (1771 - 1856)

شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟
ڕۆژ دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

دنیا بەوەندە مەکر و فەن، ڕۆح خۆشەویستە دەر بەدەن
هیجرەت دەکاتن "از" بەدەن، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

هەر کەس کە بیبێتن کەماڵ، دنیای وا پووچ و بەتاڵ
نەیکا دەبێ قەتقەت خەیاڵ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

منداڵ و خزم و دایک و باب، دەمرن ئیدی نادەن جەواب
بۆ تۆ بەسە هێندە خیتاب، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

دنیا بۆ کەس ناچێتە سەر، بێئیعتیبارە و بێهونەر
دەمرن فەقیر و موعتەبەر، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

خاکین دەبێ ببین بە خاک، دانیشتووین بێخۆف و باک
مەعلوومە هەر دەبین هیلاک، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

بەو خوایە پێت دەڵێم فەقیر، ئەتۆ خودا مەکە لەبیر
وەختێ دەبێ بکەویە گیر، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

دایم لە دوام شەقیە ئەجەل، ئەو توندوتیژ من کوێر و شەل
دەمخاتە ناو داوی ئەمەل، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

غەڕڕە مەبە، غەڕڕە مەبە، چی فەرموو حەق تۆش هەر وە بە
ڕابرد چی دەسگا و دەبدەبە، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

چەند هاتن و چوون سوڵتان و شا، مردن لە تەختی بوون جودا
واحید دەمێنێ هەر خودا، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

ماڵ و خێزان و دەوڵەتم، لەحزێکی نادەن مۆڵەتم
لێم تێک دەدەن جێ و حورمەتم، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

لەو قەبرەدا تاریک و قووڵ، دادەنیشن مات و مەلوول
ناکرێین عیلاج بە زێڕ و پووڵ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

لەو قەبرەدا تەنیا نەفەس، بۆ کەس نییە فەریادڕەس
چاکە بکەین تەرکی هەوەس، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

غەمگینی دڵم چاترە، بەزاهیر نەفسم کافرە
لێم دەمرن دۆست و برا، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

ئەوجار وەرە سەیری مەزار، مردن فەقیران و هەژار
کەوتوون تێیدا چەندین هەزار، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

قەت نوێژ و ڕۆژوو ناگری، بۆ کاری دنیا حازری
پێت وایە قەتقەت نامری، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

«ئەحمەد» بەس کە لە خەبەران، سینەت خەزێنەی گەوهەران
نەسیحەتە بۆ برادەران، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

ئەی «ئەحمەدی کۆر» ـی فەقیر، بە دەستی نەفس بووی ئەسیر
جەهەننەمت کردوە لەبیر، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

Kurdish_Poetry