✓ عەونی (1914 - 1992)

  • پێنجخشتەکی لەسەر شیعری هێمن (1921 - 1986)

نیگاری شۆخ و شیرینم چ ڕووی دایە کە تۆرایە؟
دەمێکە ئەو دڵەی زارم دوچاری دەردی سەودایە
بەهەشت بۆ دۆزەخیش بڕوا بفەرموو ڕاستە هەر وایە
بەهار بوو فەسڵی زستانم ئەگەر یارم دەگەڵ بایە
درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە!

لە ژینی پڕ لە ژان و دەرد و خەم خۆشیم نەدی ڕۆژی
دەبێ هەر سەر کەوم بۆ بەرزی کێوی ئارەزوو ڕۆژی
بەڵێن وایە نەوەستم تا مەبەستم دێتە دی ڕۆژی
لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژی
دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لەژێر چارشێوی ڕەشدایە

مەبە بایی بە باڵای بەرزی سەروی سەرکەشت ئاخر
کە ئارام نابێ ماری زوڵف لە ڕووی پشکۆی گەشت ئاخر
ئەگەر چین هێزی خۆی بێنی، ببێتە هاوبەشت ئاخر
هەناسەم لائەدا چارشێو و ڕووبەندی ڕەشت ئاخر
هەور هەر چەندە پڕ بێ کوا حەریفی قودرەتی بایە

دڵی زارم دەمێکە نابەڵەد بوو کەوتە نێو داوت
تکاکارم کە ڕزگار بم لە چینی پەرچەمی خاوت
ڕەوشت و دادپەرەستیت بوویتە نرخی شۆرەت و ناوت
لەژێر سایەی برۆکەتدا حوکمڕانی دەکا چاوت
لە سایەی دۆخی شمشێرە کە حاکم حوکمی ئیجرایە

لە ڕۆژانی ژیانمدا لە شادی کردمت بێبەش
ئەوەندەم تاڵ و سوێری چێشت هەتا خستمتە چاڵی هەش
ئەوێستا شارەزا بوویم و نزیک نابم لە فەند و غەش
لەسەر بەفرێ بەکار نایە وەکوو بیستوومە داوای ڕەش
لەسەر کۆڵمەت ئەدی بۆ دڵگرە ئەو بسکە تاتایە!

ئەگەر هێزی سروشت پەنجەی هونەرکاری بجووڵێنێ
بەزەحمەت پەیکەرێکی چەشنی باڵای تۆ بخوڵقێنێ
دەبێ ڤینۆسی خوای جوانی وەکوو تۆ خۆی بخەمڵێنێ
هونەر ناتوانێ جوانی تۆ بە هیچ شێوێکی بنوێنێ
لەمەڕ مەڕ چۆن دەتاشرێ هەیکەلی ئەم بەژن و باڵایە؟

شەو و ڕۆژم هەمیشە لێم جودا نابێ خەیاڵی تۆ
ئەگەر چی خۆم دەزانم سەرکەشی و شۆخی و دەلالی تۆ
لە هەر کوێ بێتە بەر گوێم دەفعەیەک مژدەی ویساڵی تۆ
پەڕیشی بۆ زەوە سوجدە دەبەم من بۆ جەماڵی تۆ
ئەدی بۆ چی دەیانگوت: دار کە پیر بوو تازە دانایە!

بەڵەد بووم لێت و تۆم ناسی لە ماوەی ژینی تاڵمدا
ئەتۆ قاڵ بوویتەوە وەک زێڕ لەناو بۆتەی خەیاڵمدا
بەشێوەی وا پەشێو باڵای چەمیوی وەک هیلالمدا
بزەت نایێتە سەر لێو و بەزەت نایە بە حاڵمدا
ئەگەر چی زۆر لەمێژساڵە لەدووت دەخشێم وەکوو سایە!

بە دەستی چەرخی بەدڕەفتار و بەدکردار گرفتارم
لەبەر زامی برینی کۆن و تازە بەئازارم
ئەگەر بێ ئاشنایەک، پێی دەڵێم گوێ بگرە گوفتارم
دەزانی بۆ چی هێندە پەرێشان و خەفەتبارم؟
لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە!

فەلەک بەو خوایە ڕۆژی دەمشکاند چەرخت توانیبام
بە جۆرێ ڕێکوپێکتر دام دەڕێژا من کە بانی بام
لە چارەنووسی خۆم داوا دەکرد تووشی نەزانی بام
بە "توو توو" ـش تووشی مەکتەب بۆ دەهاتم من کە زانیبام
خەفەت، مەینەت، کەسەر، حەسرەت بەشی ئینسانی زانایە

دەبێ خۆم هۆگری ڕۆژی ڕەش و ژینێکی پڕخەم کەم
خەیاڵی ژینی شادی و بەختیاری من دەبێ کەم کەم
لەمەولاوە خەیاڵی ژینی بێژانیش لەسەر دەرکەم
لەگەڵ چارەڕەشی و دوورەبەشی و نەگبەت دەبێ هەڵکەم
لەمێژە چارەنووسی شاعیرانی کورد هەر وایە!

Kurdish_Poetry