٤١٤٢
✓ ناسێح ڕەحیمی (1993)
بێخەبەر لەو دەردی دڵمەی، با بڵێم پێت: کارییە
کاری تۆ بوو کاریبوونی، بۆیە کارم زارییە
من ئەڵێم خۆشم ئەوێی تۆ پێ کەنە و پێم بێژە گیان
مەحشەریش هەڵسێ عەزیزم، ڕستەکەم هەر جارییە
لەو بەهارە وا بە دەستی دووری تۆوە، هەڵوەڕی
خوێن لە چاوی خۆشەویستی، قەترەقەترە بارییە
ئەی دڵی بێڕەحمی شەوگار چیت لە دڵتەنگیم ئەوێ؟
دڵ کە داوای خۆشی ناکا، چاوەڕێی ئەو یارییە
تۆ ئەزانی مەرگ سەفایە، کاتێ پێم ئێژی بڕۆ
خۆشەویستی دەردی ئەمڕۆس، زندگی بێچارییە
پڕ لە فرمێسک شێعر ئەنووسێ، «ناسح» ـی دڵتەنگی تۆ
خۆزگە ژین جەبری ببایە، خۆ نەبوون موختارییە
من ئەڕۆم و پێت ئەڵێم خۆشم ئەوێی ئەی گیانەکەم
بەس بە گاڵتەش بێ بڵێ پێم، دووری لێت ناچارییە
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/12/18 ـدا کاتژمێر 21:36 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس