✓ لوتفی (1905 - 1989)

وەرە یاری خونچەدەم، ئەی جوانی شیرینقەدەم
دڵ ئەناڵێ هەموو دەم، لەپێناوت ڕووح ئەدەم

ڕووح ئەکەم بە قوربانت، بۆ زووڵفی لوولی جوانت
دەستی من و دامانت، تیمار کە دەرد و زەدەم

تیمار کە دەردی دەروون، جەرگ و دڵم بوو بە خوون
کەوتوومە کز و زەبوون، تۆ شازادە و من خەدەم

توو وەک شازادەی چینی، قامەتشەنگ و شیرینی
دەوای زام و برینی، ڕووناکی هەر دوو دیدەم

دڵ پڕ دەرد و ئازارم، وەک فەرهادی هەژارم
بێخەون و بێقەرارم، لە مەغریب تا سوبحدەم

ڕۆژ و شەوم جەفایە، لە دووری ئەو لەیلایە
گەرچی زۆر بێوەفایە، لێم نەدی غەیری نەدەم

«لوتفی» تا کەی خەمباری، هەر دەم لە شین و زاری
لە گیانی خۆت بێزاری، وێڵی سەحرایی عەدەم

Kurdish_Poetry