✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)

چەشمی تۆ مەستی شەراب و حاڵی خەمبارم خراب
چیهری تۆ پشکۆیی نار و سینەیی زارم کەباب

جیسمی مە و دوو سونبولت دوو هەمسەرن مایل بە تاو
بەختی مە و دوو نێرگست دوو تەوئەمن مایل بە خاب

غەیری چەشمی فیتنەزا، وا خاڵەکەی دونیالەیە
زوو زەنەب کێ دی تلووعی بێ، بە قورسی ئافتاب

گەر سەری ڕشتەی بە دڵ ڕەبتی نییە، بۆچ ئەی سەنەم
تا کەمێ زوڵفت دەشێوێ من دەکەومە ئیزتیراب؟

بێسەبەب خۆم کوشت ئەمن، بێ تۆ، لە دووری ڕوویی تۆ
نە گوناهی کەوتە سەر تۆ، نە بە خۆمی بوو سەواب

دڵ وەها ئۆگر بە زوڵفە، ساعەتێ بێی ناسرەوێ
تا سەرەنجامی چییە، ئەو سوحبەتەی کەبک و عەقاب

گەر لە بێمیهری، خیتابی تۆ، دەگەڵ ئەغیارە، قەت
کۆتەهی ناکا لە من، زوڵفی درازی تۆ عیتاب

ڕشتەیی میهرت لە مل خستم، دەڵێی بۆ کوێ دەچی
تۆ دەزانی مەقسەدم، جانا! بەدەست تۆیە تەناب

شۆری عیشقت کەوتە سەر عوششاقێ بێبەرگ و نەوا
بۆیە بێپەردە دەناڵێنن وەکوو تار و ڕوباب

مەرگی تۆ، تا وەقتی مردن، زەحمەتە هەڵگرتنم
دڵ لە عیشق و دەست لە ساقی، لەب لەسەر جامی شەراب

زایقەی بۆسەی لەبم بێ بۆ چمە جامی سبووح
ڕایحەی توڕڕەی ئەتۆم بێ چم لە نافەی موشکی ناب

شیعری من وەجدی چییە بۆ ئەو کەسەی زەوقی نەبێ
نەغمەیی بولبول، چە تەفریحێکە بۆ مەغزی غوراب

سەدهەزار ئەفسووس بۆ ئەهلی بیلادی مە «ئەدەب»
قەت نەبوو فەرقی بکەن کێ زەڕگەرە کێ کوورەتاب

Kurdish_Poetry