٤٠٩١
✓ پیرەمێرد (1867 - 1950)
خوا ئێمەی ڕەنگڕەنگ سروشت پێ داوە
ڕەنگی هیچ کەسی بە کەس نەداوە
ئەبینی دوو کەس بە یەک ئەشوبهێن
کەچی بە کردار لە یەکتری جوێن
یەکێ ئارەزووی بە شیرینییە
ئەوی تر مەیلی شیرینی نییە
یەکێ وەک بێزووکەر ترشی ئەوێ
نە! ناوی مەبە! ئامان نامەوێ
یەکێ سەودایی شیعری مەوزوونە
یەکێ بە تیری شیعر دڵخوونە
هی وامان هەیە بە کشەمرە
ئەڵێ: پێت وتووم کشە تۆ بمرە!
سا توخوا مرە و بمرە چەند دوورن؟
هەر چەند کولانە و گۆڕ هەر دوو ژوورن
کۆنەپیاوێکمان بە تەقەی قەزوان
نە دینی لە لا ئەما، نە ئیمان
مەلایەکمان بوو ئەتوت: شیپارە
ئەهاتە وێزەت بە نێزەی «یارە»
ڕەحمەت لە سۆفی یارەی زرێپۆش
بۆی ڕام ئەکردین ئێستری چەمۆش
ئێستا دەستەیە تۆڕی کەم سرەوت
بە قەمچی «یارە»ش نایەنە سەر ڕەوت
یارە مرد لەلای نامەرد نەنێژرا
بۆ گردی یارە چەن شیعر بێژرا
خۆزگە دەمزانی ئەم سڕە چییە؟
ناوی هیچ کەسێ لە ناودا نییە
کەچی تۆ ئەڵێی بامیەکەم ترشە
ئەم خەڵکە هەمووی ڕووی لە تۆ گرژە
دە باوکە ئێرە خۆ «کەرکووک» نییە
مەلا بامێ بێ بەو تووڕەییە
یا ئەگەر ترش و ترشی خرابە
ڕووی خۆت ترش مەکە، شیرین بە، چا بە
ئەگینە کە تۆ مۆن و ترشڕووی
دەمی کەس کیسە نییە بیدرووی
هی وامان هەیە کە لە خوا ئەدوێ
ڕزگاری لە توانج بۆ کێ ئەلوێ؟
بۆچ پێغەمبەریان لە شار دەر نەکرد؟
ئیمان ناهێنرێ بە کەس، دەستوبرد
ڤەژینبوکس