✓ ئاران [موحەممەد ئیسماعیلنژاد]

کەس نییە بێنێکی تۆم بۆ بێنێ لەم بۆسارەدا
وەختە قڕ بێ ڕووحی نامۆم لەم گەناوی شارەدا

کەس نییە بۆم هەڵبکا تاڵێکی کاڵی دەنگی تۆ
وەختە بڕزێ تانوپۆم لەم مەرگە بێهاوارەدا

کەس نییە بیکاتە بەر دنیامەوە یەک پەڕ نیگات
وەختە ڕەق هەڵبێ دڵم لەم قاقڕی شەوگارەدا

پەردەیەک داناکەوێ تا تۆ لە توێیدا دەرکەوی
کەوتوووم بێدەنگ لە پشت قورسایی ئەم دیوارەدا

هیچ شەقامێک نامگەیێنێتە ئەتۆ هەرچی دەڕۆم
پێچ دەخۆم چەشنی برین بەم کووچە پڕئازارەدا

کەس نییە ناوت بە گوێی گیانما بچرپێنێ و بڵێ:
ڕەنگە ڕابوورێ تەزوویەک بەم لەشە بێچارەدا

دەست دەگێڕم بۆ پەلی یادێکی کۆنی دوورەدەست
خۆ دەنا دەمکووژێ دووریت لەم دەمی ئێوارەدا

ڕەنگەکانی تۆ نەبن کەی ئاشنای ئیشقم ئەمن
خۆزگە دەتناسیمەوە لەم غوربەتە غەمبارەدا

غەیری تیشکی جوانی تۆ هیچ ناڕژێنمە شێعرەوە
سەد ترافیکم لەدەور ئاڵابێ لەم ڕۆژگارەدا

چیم لە باران و ژیان داوە و لە گۆڕانی هەوا؟
شوێنەوارێکت نەبێ گەر تۆ لە ئەم ژیوارەدا

Kurdish_Poetry