٣٩٤٤
✓ مارف ئاغایی
ئێمە دوژمنترین برای ئەم دونیایەین
ئێمە بێکەس و بێپەناین
تازە بادی خۆشمرووریش
بە شارەزووردا ڕانابڕێ
تا نالی خۆی بە قوربانی تۆزی پێی کا
تازە شێخیش ناچێتە نێو خەونی موریدەکانیەوە و
چاپخانەکەی پیرەمێردیش لە ڕووی نایە
تاقە یەک وشە بنووسێ.
هەور هەموو بارانی ئاسمانی هێنا
گوڵێک نەبوو پێشکەشی کەین
تازە چۆن هەور
باران بۆ ئەم وڵاتە دێنێ
شنە هەموو بۆنی خۆشی دونیای هێنا
پەنجەرێکمان نەکردەوە تاوێک تیا بحەسێتەوە
تازە چۆن شنە بۆنی خۆش
بۆ ئێمە بە دیاری دێنێ
ئێمە نەبووین لە جێی گەنم، فیشەکمان چاند؟
لە جێی کێڵان، تۆپمان لێ دا?
بە جێگای ئاو، خوێنمان پێ دا؟
ئێستا مناڵانی ئێمە هیچیان نانی گەنم ناخۆن
دەبێ هەویری باڕووتیان بۆ بشێلین.
ئێمە مەلین
بە قەفەسەوە هەڵدەفڕین
مرۆڤین و
بە زەنجیرەوە ڕێ دەبڕین
شاعیرین و
بە چەکەوە گوڵ دەنووسین.
من دەترسێم ڕۆژێک پیرەمەگروونەکان
سیروان و تانجەڕۆ بکەن بە دوو باڵ و
وەک سیمورغ بەجێمان بێڵن
ئەو دەم ئێمە بۆ پەناگا و بۆ ئەشکەوت و
بۆ لێقەومان ڕوو لە کوێ کەین؟
دەترسێم ڕۆژێک دارستان
پەنجە دە پەنجەی هەورەکان بهاڵێنێ و
ئێرە چۆل کا
ئەو دەم دەبێ
بۆ میوە و بۆ ژوان و سێبەر
دڵ بە چ شوێنێک خۆش بکەین.
ئێستا لە گشت شوێنێک
هەر شیوەنە و هەر واوەیلا
منی شاعیر، یەک شێعریشم بۆ نانووسرێ
دەزانی بۆ؟
مەزاجی کوردەواریم تێک چووە، دەروێش عەبدوڵڵا.
مناڵەکان! کە بەیانان لە خەو هەستان
هەتاو بۆ نێو دەروونتان بانگێشتن بکەن
کە خەوتان هات
سەر بنێنە سەر کەروێشکەی گەنمەکان و
مانگ بێننە نێو خەونەکانتان
ئەگەر بۆ شوێنێک ڕۆیشتن
پێ لە ڕووبار قەرز بکەن
دەنگ لە تاڤگە
ڕەنگ لە بەهار.
ئێمە گەڵاین
هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین
مناڵین و
هەر لە لاویدا پیر دەبین.
جاران خەڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.
جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو بارین
کاتێ دەمبیست بەتاو هەڵدەهاتمە شەقام
یا بەفر بوو یانیش باران
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ
سام دەمگرێ
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران.