✓ شاهۆ

ئەی ئەو کەسەی لە نووری خوا خەلقە زاتی تۆ
حەیرانە عەقڵی کول لە بوڵندی سماتی تۆ

لاڵە زمان لە بەحس و بەیاناتی گەورەییت
کۆڵە قەڵەم لە وەسفی بوزرگی سیفاتی تۆ

وێنەت مەحاڵە نەبووە نییە تا ئەبەد
گیانم فیدات بێ فەردی هەموو کائیناتی تۆ

گوفتار و کردەوەت هەموو ئیعجازە بۆیە وا
نایێتە بەر ژمارە بە کەس، موعجیزاتی تۆ

تۆ ڕەحمەتێکی مەحزی لەبۆ گشتی عالەمین
یەعنی چرا و ڕەهبەری ڕێگەی نەجاتی تۆ

ئەو ڕۆژە باوک و ڕۆڵە لە یەکتر فیرار ئەکەن
سوڵتانی کول و شافیعی گشت سەییئاتی تۆ

ئەو ڕۆژە خۆتی خاوەنی تۆمار و تاج و تەخت
چونکە ئەمین و مەحرەمی خاسی خوداتی تۆ

چیت ویستووە کراوە چونکە لەلای زاتی زولجەلال
تاقانە خۆشەویستی هەموو ماسیواتی تۆ

کامت ڕەوایە هەر چی تەمەنناتە دێتە جێ
ئارێ، کلیلی قاپیی گشت موشکیلاتی تۆ

سەریان سوڕە بەجارێ عوموومی موقەڕڕەبین
لەو ڕوتبەیەی درا شەوی ئەسرا بە زاتی تۆ

لەو ڕۆژەدا کە کەس لە کەسە و کەس بە کەس نییە
سەرسامە جین و ئینس و مەلەک غەیری زاتی تۆ

کابە بە یومنی تۆوە بووە قیبلەگاهی عام
چونکە ئەبوو کە مەککە ببێتە وڵاتی تۆ

پایەت ئەوەندە بەرزە کە خوا و مەلائیکەی
پێشکەش ئەکەن هەمیشە سڵاویان خەڵاتی تۆ

ئەم کۆیلەیەت کە توولەسەگی ئاستانتە
موحتاجی لوقمەیەکە لە خوانی بەراتی تۆ

هیوام بە لوتف و مەرحەمەتی زاتی تۆیە من
چونکی پەناهی کۆمەڵی گشت عاسیانی تۆ

هەر چەند سیایە نامەیی ڕەفتار و کردەوەم
خۆ مولتەجیم بە زاتی عَظيمُ الصِفاتـی تۆ

فریام کەوە! بفەرموو بشۆرێ بە ئاوی عەفوو
ئەی ئەو کەسەی کە عەینی حەیاتە مەماتی تۆ

چاوی لە ڕەحمی ئێوەیە «شاهۆ» کە لای خوا
ڕەد ناکرێتەوە تەڵەب و خواهێشاتی تۆ

Kurdish_Poetry