٣٩٠٠
✓ ناری
حوججەتی موڵکی لەتیفی خەت و خاڵی ڕوویەتی
نووری ئیسباتی لەتافەت نەقشی حەڵقەی موویەتی
ڕوومەتە یا چینییە، یا لەوحی مینا، یا سەدەف
یا بە ئاهی سەردی عاشق ئاوە خۆ، بەستوویەتی
پەرچەمی جەزبەی دڵی کردم لەبۆ شوعلەی ڕوخی
ڕهبەری ئاتەشپەرەستی، توڕڕەیی جادوویەتی
سەیری خەندەی لێوەکەی بۆ دڵنەوازی چی دەکا
شەڕفرۆشی گەرچی ڕەسمی نێرگسی بەدخوویەتی
چاوی مەستی قابِضُ الأرواحـە لێوی وەک مەسیح
کوشتن و ئیحیا بە چاو و لێوی هەر ئەو، بوویەتی
مەنعی قەد ناکەم لە خوێنخۆریی کە شێوەی چاوییە
کوشتن و قەتڵی بەناحەق کار و پیشەی زوویەتی
نەشتەری غەمزەی لە جەرگم دا و بە گریەم پێ کەنی
غونچەپشکووتن بە شەونم، عادەتی پێشوویەتی
دیجلەیی سەیلی سروشکم حەدد و پایانی نەما
شاهیدی بێغایەتی لیتە و قوڕی پێڵوویەتی
قامەتی «ناری» بە کۆڵی میحنەتۆ وا خەم بووە
تەختی پیشانی هەمیشە هەمدەمی زانوویەتی
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/6/17 ـدا کاتژمێر 23:34 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|