✓ ناسێح ڕەحیمی

بە یادی تۆ غەزەڵ پێی گرت، وەرە دووبارە بتبینم
بە دڵ هات و لە دڵ جێی گرت، وەرە دووبارە بتبینم

نە ئەم عەشقە لەبۆ جیایی، نە من لایق بە تەنیایی
خواوەندی گەشە و شایی، وەرە دووبارە بتبینم

دڵم تەنگی نەبوونی بۆت، دڵم گەرمە بە نانی جۆت
دەمێ بشکێن غرووری خۆت، وەرە دووبارە بتبینم

نە نازی تۆ بە شێعر ئەکرێ، نە چاوی من بە دڵ ئەگرێ
ئەگەر چاوت بە چاو ئەبرێ، وەرە دووبارە بتبینم

دڵم سەرگەردی باڵاتە، سەرم گێژی خەیاڵاتە
وشەم ژێردەستی ئاڵاتە، وەرە دووبارە بتبینم

نە تۆ دڵداری عەییاری، نە من سەرشێتی بازاڕی
کە بارانی ئەوین واری، وەرە دووبارە بتبینم

قەڵەم سەیری قژی تۆی کرد، وشەی هێنا و دەسەمۆی کرد
کە تۆ ڕۆیشتی ڕۆڕۆی کرد، وەرە دووبارە بتبینم

ئەگەر بێگیان ئەگەر حەیوان، ئەگەر ئادەم ئەگەر شەیتان
ئەتۆی چارەی دەسی نسیان، وەرە دووبارە بتبینم

بلوورە سازی سەربازت، منم «ناسێح»ـی بێنازت
ئەگەر نەمرم ئەکەم سازت، وەرە دووبارە بتبینم

Kurdish_Poetry