✓ کوردی

شکاندی قیمەتی شەککەر، نەباتی لێوی شیرینت
گەیاندی مەرسیەی مریەم خەیاڵی ڕووی نیگارینت

لە بەردا چین بە چین هات و بچین چینی لەسەر چین دا
چین بچین چین تا بە پا گێسویی چین چینت؟

حەنا بێڕەنگ و ڕەنگتەڵخە بە ڕەنگی ساری گوڵ نادا
وەرە ڕەنگ کە بە ڕەنگی خوێنی دڵ ئەنگوشتی ڕەنگینت

قەمیسی یۆسفە بۆ چاوی تاریکم وەکوو یەعقووب
سەبا جارێک بەلاما بێنێ گەر بۆنی عەرەقچینت

گەر ئەهلی دڵ بە چاوی من نەزەر لەم شێوەیە ببڕن
دەزانن هەر کە قیمەی دڵ دەکا ڕیشوویی پۆشینت

هەتا کەی بێوەفایی، بەسیە شیرین وەقتی شیوەنتە
سەراپا غەرقە دەر تیشەی جەفا، فەرهادی مسکینت

بە بەزمی لێوی شیرینت زەمانێ خوسرەوئاسا بووم
درێغا تێکی دا سەیروسەفا، بەدکاری بێدینت

بە ڕیسوایی و ڕووتی من، ڕەقیب! تۆ کامەران نابی
هەتا تەسلیم نەبێ «کوردی» مەزەننە نایە تەسکینت

Kurdish_Poetry