✓ نالی

ساقی! بە مەیی کۆنە لەسەر عادەتی نەو بە
بشکێنە بە یەک نەوبە دووسەد ماتەمی تەوبە

ساقی! قەدەحی گەردشی گەردوون دەشکێنێ
باری، کە دەبێ موعتەقیدی گەردشی ئەو بە!

ئەی نەفسی مورائی چ گرانباری، تەکالیف
بۆ خەڵقی دەکێشی، دە هەڕۆ ڕێش و جەدەو بە

بوغزت لە زەعیفان چییە قوربان، وەکوو قەسساب
بەو خەزز و بەزی ڕیشوەتە، ئەی هیزە، قەڵەو بە!

ئەسپی نەفەست دێت و دەچێ، گەرمە عەنانی
ئەی مەستی ڕیازەت هەڵە! هوشیاری جڵەو بە

وەک ماهـ و ستارەت کە ببێ مەیلی هەڵاتن
سەرکردەیی ڕۆژ، ڕەهڕەوی شەو، ڕەهزەنی خەو بە

«نالی» مەبە عاجز، کە ئەمە دەورە نە جەورە
ساقی کەرەمی یەک بە یەکە و نەوبە بە نەوبە

Kurdish_Poetry