✓ قانێع

دڵم زنجیر ئەکەم ئەمما، لە یاری دڵڕوبا چی بکەم
ڕەگم وشکە وەکوو پووشە، لە قووەی کارەبا چی بکەم

کە من پێم پڕ لە خاری میحنەتە هەر تاکوو بەر ئەژنۆم
قەدەم ئەنداز ئەکەم بۆ لات، لەگەڵ کەوشی وەسا چی بکەم

لە ڕۆژ بێزارم و مەحرەم بە من هەر تاریکی شەو بوو
کە سێبەر هەر ڕەقیبم بێ، لە ڕۆژی ئاشکرا چی بکەم

سواری ڕەوڕەوەی مەرگم، ئەچم بۆ بەزمگاهی گۆڕ
ئولاخی عارییەم ناوێ، لە مەیدانی فەنا چی بکەم

دەمێ کوژراوی ئەبرۆتم، دەمێ خنکاوی ئەگریجەت
ئەبێ تاوێ خەمێکم بێ، لە یاری بێبەقا چی بکەم

بە ئاوی تێغی ئەبرۆت، شۆریا جەور و گوناحانم
لە ڕێوە جەننەتە جێگەم، لە دیوانی جەزا چی بکەم

خەیاڵم بوو لەسەر ئەمری برام تەرکی مەعاسی کەم
ئەبینم خۆی ڕیابازە لە تاعاتی ڕیا چی بکەم

Kurdish_Poetry