٣٦٦٣
✓ ناسر حیسامی
- هەژار باسی یەکەمین دیداری خۆی و هێمن دەگێڕێتەوە لەگەڵ سەیفی قازی. دەڵێ: سەیف هاتبووە خانەقای شێخی بورهان و ئێمەش لەلایدا دانیشتبووین. شیعرمان بۆ دەخوێندەوە و ئەویش ڕێنوێنیی دەکردین. دوایی پرسیی: ئەدی شیعری منتان خوێندووەتەوە؟
- وتمان: بەڵێ.
- پرسیی: کامە شیعری منتان پێ خۆشە بۆتان بخوێنمەوە؟
- گوتم: هەڵێ مەڵێ!
- گوتی: چۆن لەو شیعرە ناسکە هەر ئەوەندەتان لەبیرە؟
شیعرەکە ئەمەیە:
دایم دڵم بە ناڵە و زاری و فیغان ئەڵێ
خۆش بەو شەوەی کە ڕۆژی ڕوخی دڵبەرم هەڵێ
تفڵی دڵم گڕووی شەککەری لێوی گرتووە
بەو دوو هەنارە ژیری کەوە بیخە باغەڵێ
زولفت وەلا دە، ڕووت بنوێنە بە دەفعەیێ
شەو ڕابرێ، ستارە نەمێنێ، قەمەر هەڵێ
بەو زولفە میروەحەت مەکە مەنعم لە شەکری لێو
تەیرێکە دڵ، زەعیفە، دەترسێ لە داوەڵێ
ئەو قافیەت بەسانی دڵی موددەعی، «حەسەن»
تەنگە، درەنگە، مەیلی بە جەنگە، هەڵێ، مەڵێ
- ئەبولحەسەنی قازی، ناسراو بە «سەیفولقوزات» و هەروەها «سەیف» کوڕی میرزا قاسمی قازی، نەوەی میرزا ئەحمەدی قازی، لە ساڵی ١٨٧٦ ـی زایینی لە شاری سابڵاغ لەدایک بووە. سەیف دەبێتە مامی «قازی موحەممەد» و هەروەها دەبێتە بابی «محەممەد حوسین خانی سەیفی قازی». سەیف دەرسی لەلای «مەلا حەسەنی قزڵجی» لە سەردراباد و هەروەها لە دێی عەمبار لەلای مەلا شەفیع خوێندووە. سەیف زۆر بە جحێڵی تێکەڵی کاری سیاسی دەبێ و لە سەردەمی بزووتنەوەی «شیخ محمد خیابانی» لە تەورێز، دەبێتە سەرۆکی کومیتەی مەهاباد. سەیف ماوەیەکیش دەبێتە یەکەم بەڕێوەبەر (نوێنەر)ـی فەرهەنگی مەهاباد. دامەزراندنی خوێندنگەی مودێڕن لە مەهاباد بەرهەمی حەول و تێکۆشانی وی بوو. دوای سەیف برازاکەی قازی محەمەد دەبێتە نوێنەری فەرهەنگ لە مەهاباد. پاش ڕووخانی سەلتەنەتی «قاجار» سەیف حەول دەدا ببێتە نوێنەری مەجلیسی شوورای میللی، وەک دەڵێن زۆربەی دەنگیش دێنێتەوە، بەڵام لەئاکامدا کەسێکی دیکە لەجیاتیی وی دەبێتە نوێنەری مەجلیس. پاشان سەیف لە کاری سیاسی دەکشێتەوە و مەهاباد بەجێ دێڵێ و ماڵی دەچێتە دێی «گوێگجەلی» و لەوێ نیشتەجێ دەبێ و دەست دەکا بە دروستکردنی باغ و باغات و مێشە، کە لەو کارەشدا دیارە زۆر بەزەوقوسەلیقە بووە. پێ دەچێ سەیف هەمەو شیعرەکانی خۆیی لە گوندی «گوێگجەلی» کوتبن. سەیف بۆ هەمیشە لە گوێگجەلی دەمێنێتەوە و هەر لەوێش ڕۆژی ٢٧ ـی ژانووییەی ١٩٤٥ لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ماڵاواییی لە ژیان کرد.
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/10/30 ـدا کاتژمێر 20:26 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس