٣٣٦٨
✓ ئەخۆل
بە گوێچکەی یاد ئەرێ نابیەی سەدای هاوار و ناڵینم
بە چاوی تاسە نابینی دڵۆپەی ئەشکی خوێنینم
برا ئاخۆ بە بیرتا دێتەوە ئەم یاری دێرینەت
بڵێی باسم نەکەی جارجار بە لێو و گفتی شیرینت
برالە پیم بڵێ ئێستاش وەکوو جاران بە عود و نەی
لە دڵتانا هەڵەقوڵێ نەغمەیی پڕسۆز و پڕئۆخەی
وەکوو جارانە باوی سەرچنار و بەزمی ئێواران
بشۆن بەو ئاوە ساردە چی هەیە جەور و جەفای دەوران
کە ڕۆژ پرشنگی ڕۆژاوا، شەویش هی مانگ و ئەستێرە
چەو و زیخی بنی ئەکسەر ئەڵێی مروارییە و زێڕە
دڵم کەوتۆتە گێژاوی شەپۆلی بەحری دووریتان
بە چاو و دڵ ئەڵێم ئاخۆ خوا ئەیدا سەبووریتان
مەگەر ئەو سێبەرەی بن دارەکەی لای ئاوەکەی "سەرسیر"
بشۆرن ئەم خەم و دەردەم وە یا بەزمێکی "باخی میر"
وە یا خۆ هاژەیی تاڤگەی "زەڵم" کاتێکی هاوینان
پرۆشەی وردی پڕنەشئەی بکا دەردی دڵم دەرمان
وە یا ڕابواردنی سەر ئاوەکەی لای گردەکەی یارە
کە ئەڕوانێتە پشت گردەکەی سەیوانی لێ دیارە
دڵۆپی ئەشکی خوێنینی لە پێڵوودا قەتیس ماوە
لەگەڵ ناسۆری زامانی دڵی دووریم بکەن چارە
Kurdish_Poetry
ڤەژینبوکس