✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: باسیت حەمە غەریب
  • شیعر: فایەق بێکەس

ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیر کەوتەوە
وەختی بەندیی و ئەسارەت، پێ بە بەند و کۆتەوە

من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم، وا تێ نەگەی
حەپس و تێهەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردۆتەوە

بەو خودایەی بێشەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ جۆرێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە

ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوێ بڕژێنیتە سەر
قەت گڕ و کڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە

باسی مەحزوونی و کەساسی خۆت نەکەی توخوا وەتەن
چونکە بەو باسە برین و زامەکەم ئەکولێتە

ماتەمینی تا بەکەی، دەی پێ کەنە و سەر هەڵبڕە
موفتەخیر بە، شوهرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە

نەگبەتی لاچوو، سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە

گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی
نۆبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە

لافی میللییەت بە دەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە
ڕۆژی هەوڵە، هەر بە هیممەت گۆی هونەر ئەبرێتەوە

بێقسوورە، چەندە سوورە سەد شوکر ئەولادەکەت
وا لە ڕێی تۆدا لە خوێنا سەیری چۆن ئەتلێتەوە

بەسیە تەعنەم لێ مەدە، هەر ڕۆڵەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتاکوو دەستوپێم ئەکرێتەوە

شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەستم بدا
دوژمنت پەت کەم وەکوو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە

Kurdish_Poetry