✓ پەشێو

ئەوەی هەور پەڕە دەکا و
دەیتارێنێ
قۆناخ قۆناخ، ئاقار ئاقار
هەر خۆمانین

ئەوەی کەوە و کەو ڕاو دەنێ
ڕەوەز ڕەوەز، زنار زنار
هەر خۆمانین

هەر تابووتێک بۆمان دەکرێ
تەخته و چەکوچ
مێخ و بزمار
هەر خۆمانین

هەر شارێکمان
دوگمەی یەخەی دەترازێنرێ
دەستەدز و پاشەدز و
حەسحەسی شار
هەر خۆمانین

لە هەر باخێک
گڕ لە باڵی دارێک بەر بێ
لە هەر شاخێک
تاشەبەردێک بڕمێتە خوار
هەر خۆمانین

هەر ڕۆژێکمان
هەر مانگێکمان
هەر ساڵێکمان هەڵدەواسرێ
سێدارە و پەت
هەر خۆمانین

دوو لەت بین و
چوار لەت بین و
هەزار لەت بین
تیخی نەفرەت
هەر خۆمانین

پشت و قامچی
باڵدار و داو
هەر خۆمانین

پێ و بەرپێنە
ئاگر و ئاو
هەر خۆمانین

با کەس چیدی تف هەڵناوێ
بۆ ئەوانەی مێژووی مردوون
با کەس چیدی سووچ نەخاتە
ئەستۆی دەریا و
قیسمەتی خوا و
کەچگەڕانی چەرخی گەردوون
گشت سەحراکان
بنارێکیان پێ ناگیرێ
ئێمە خۆمان لووتکەکانمان پێشکەش کردوون

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry