✓ قانێع

کەرێکم بوو چ کەر؟ وەک با و بۆران
کەرێکم بوو چ کەر؟ بارکێشی دەوران

کەرێکم بوو چ کەر؟ چەشنی سەیارە
کەرێکم بوو چ کەر؟ وەک شێری مەیدان

کەری نووحی نەبی، باپیری ئەم بوو
لەگەڵ گوێدرێژی عیسا، خاڵ و خوارزان

بە لاشە بەرز و زکئەستوور و سەرزل
کەفەڵگورج و پەراسووچیخ و گوێپان

شەقاودار و دوو شانە بەرز و ملقنج
کلکشۆڕ و سپیتووک و قەویدان

لە کەوشی سم ھەتا لاری ڕەفیسگەی
خەتێکی موستەقیم بێ کەسر و نوقسان

شەوێ پێم وت: چلۆنی یاری دێرین
ئەوا سەرما بزووت، دەستم بە دامان

ئیتر زستان و کاتی دارکێشانە
وەکوو ساڵانی پێشوو بێرە جەولان

نە نانم ھەس، نە شەکرم ھەس، نە چایی
نە بەرگی خۆم و ژینی باقی خێزان

ھەموو، ھەر چاوەڕوانی ھیمەتی تۆین
بنرکێنە بە بارۆ و بێیتە مەیدان

وڵامی کەرەشین:

وتی: قانع! ئەسەف بۆ بێحەیاییت
حەیا زۆر خۆشە بۆ پیاوی بەویژدان

بە کام جێ؟ کام گەوڕ؟ کام ناڵ و بزمار
بە کام ڕەشوە و جل و جلبەند و کورتان؟

ئەمە چل ساڵە من بارکێشی ئێوەم
بە خەو نەمدی جەواڵی ئاڵف و دان!

وەسای ناڵبەندی من، وەک تەیری عەنقا
نەبینراوە، لە ڕووی دەورانی دەوران

بە ئەو ناڵە قەسەم، نەتدا لەژێر پێم
بە ئەو جۆیە قەسەم، نەمنایە ژێر دان!

قەسەم بەو گازە نەمدیوە بە عومرم
بە ئەو چەکوشە، کە نەمدی مەر لە لێدان

ئەبێ خێرم نەبێ غەیری زەڕەزەڕ
ئەگەر وردیشی کەی ئەعزام بە گۆچان

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry