✓ قانێع

عومرەکەم باریک و کورتە، ئارەزووم پان و درێژ
فیکرەکەم فیکری ئەدیبە و سوورەتیشم گێژووێژ

ئاوی لافاوی خەیاڵم، ھێندە ساف و ڕۆشنە
ئاویاری خۆی ئەکا، بێ فەرقە لای ھەوراز و لێژ

بێ تەماشا کە لە کوردا، دائەپۆشێ شیعری من
پژدەر و گۆران و سۆران، جافەتی و شیروان و گێژ

گەر لە نوکتەی خامەکەم دیقەت بکەی، ئیقرار ئەکەی
سەربەسەر یاقووتی سوورە و شەوچراغی شوعلەڕێژ

شەخس وەختی عالمە، عالم بە ھەر ئەشیا ببێ
بێسەواد وا تێ ئەگا، زانین ھەموو دەسنوێژە و نوێژ

«قانعا» مونکیر ئەگەر فیکری کولی ئامادە کا
بێنە دەر تێغی زمانت ھەر وەکوو شمشێری تیژ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry