✓ سەیفولقوزات

چ خۆشە من نەخۆش و یاری دڵکەش
لە ڕێگەی لوتفەوە بمخاتە باوەش

پەرێشانم لەبەر زولفی بڵاوت
نەخۆش و مەستی ئەو دوو نەرگسی گەش

نیشانم دە، فیدات بم، جووتە خاڵت
لە ئەووەڵ نەردەوە چەن خۆشە دووشەش

ڕوخی زەحمەت مەدە زولفی مەحەک ڕەنگ
چ موحتاجە بە تۆ ئەو سیمی بێغەش

فیدای زولف و برۆ و پێڵوو و مژۆڵت
کەمەندە هەم کەمان، هەم تیر و تەرکەش

بە دوودی ئاهی من ڕەشپۆشە گەردوون
بەڕووتا خاڵ و پەرچەم بوون موشەووەش

«حەسەن» شوکری خودا ئەوڕۆکە وەسڵە
نەجاتت بوو لە دەستی تالعی ڕەش

بەڵێ، بەو شەرتە خۆشە وەسڵی دڵبەر
کە دەمدەم دەم لەنێو دەم، دەس لە باوەش

کز و زیزی لە کەم مەیلی، عەزیزم
عەیامێکە عەوامی، تەبعی سەرکەش

هەتاکوو ساردوسڕ بوو مەیلی گەرمت
ئەدەم جینگڵ وەکوو ماری سەرئاتەش

لەسەر ڕوخساری زەردم ئەشکی خوێنین
هەتا کەی دێتە خوارێ بەختەکەی ڕەش

سپای دووریت لە سێ لا دەوری داوم
بەسانی مەنگوڕ و پیران و مامەش

وەرە جارێ، بەجارێ لامەدە لێم
دەبێ وا بێ وەفای یارانی مەهوەش

سەروماڵم دەکەم قوربانی ڕێگەت
بەران و جوانەگا و لۆک و کەڵی ڕەش

بەکوردی شایەرێکی زێدەچاکم
لە شاباشی سەخای خۆت مەمکە بێبەش

هەمیشە زیکر و فیکرم یادی تۆیە
لە شایی تۆیە خۆشم بوومە چاوەش

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry