٢٦٧٨
✓ پەشێو
پێش ئەوەی بێمە بەردەمت
کام بیری جوان خورپەدارە
کام دێڕهەڵبەست زۆر بەکارە
شانەی دەکەم وەک پەرچەمت
لە ماوەی چاوقوچانێکدا
هەزارویەک خەونی شیرین
دەمکەن بە مەم دەتکەن بە زین
لە خەیاڵما
پایز بەهاری لێ دەتکێ
درەختی ڕووت
گەڵای سەوزی پێوە دەلکێ
بەڵام سەد ئاخ ئەی دەروونپاک
کاتێ بانگم دەکەی بە [کاک]
کاک وەکوو مار
بەرەو گوێچکەم گینگڵ دەدا
کە دێمە گۆ
خۆی لە زمانم لوول دەدا
هێدی هێدی
قووتم دەدا
کفنی زەردی نائومێدی
من لە دڵتام
لە دەروونتام
لە گلێنەی چاوی ڕوونتام
شەرم مەکە
بەناوی ڕووت
ناوم بێنە پڕ بە گەرووت
با لە یەکتر ئاشکرا بین
تا کەی لەناو ئاگرا بین
نە تۆ خوشکەی نە من کاکم
خۆشەویستی دەروونپاکم
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/7/24 ـدا کاتژمێر 23:25 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس