٢٣٠٢
✓ پەشێو
من کوردێکم
هەر چەند ئەمڕۆ دەنگ هەڵبڕم دەنگم نییە
من کوردێکم
هەر چەند ئەمڕۆ خۆم نیشان دەم ڕەنگم نییە
کوردستانی گەورە و مەزن
وەک خەرمانی جوتیاری کورد بەش کراوە
باستیلێکە
توند کوردی تێ ئاخنراوە
بەڵام پەیمان
هەزار پەیمان
لە دواڕۆژا
کە خۆم ببینی کەسێکم نایە بە گژا
کە خۆم ببینی
لە سێبەری کوردستانی ڕزگاربووما
ئەوسا منیش
وەک کوردێکی خاوەن کیان
چەک هەڵگرم
بۆ هەر کەسێک بڵێ ژیان
پەیمان
پەیمان
هەزار پەیمان
کە ڕزگار بووم
لەو گەردەلوولەی تێی کەوتووم
ئەوسا بڕۆم
تا لە خاکی فەلەستینی ئاسمانگەشا
نەک هەر لەوێ
لە جەنگەڵە چڕەکانی ناو ڤێتناما
لە ئەفریقای قولەڕەشا
لە ئێرتیریای بێ بەهارا
لە هەر خاکێک دۆلار بژی
بژیێنمەوە سەد گیڤارا
+ بڵاو کرایەوە لە 2016/12/22 ـدا کاتژمێر 22:13 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس