✓ ئەخۆل

ئەحمەد دەروێش عەبدوڵڵا ناسراو بە ئەخۆل [1911 تا 1988] شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی دەرگەزێن لە ناوچەی سەرگوڵ ھاتۆتە دنیاوە. ئێستاش گۆڕی لە گردی سەیوانی سلێمانییە.

● سەرەتای ژیانی شاعیر

ئەخۆل دەڵێت: پایەی خوێندەواریم بەداخەوە زۆر کەمە چونکە ئەو کاتەی من گەیشتوومەتە تەمەنی خوێندن پاش شەڕی جیھانیی یەکەم بوو، گرانی و پەشێوی لە سلێمانیدا ھەبوو و قوتابخانەش نەبوو. حوجرە ھەبوو توانیم لەلایەنی مامۆستایەکی ناوخۆیی قورئانی پیرۆز بخوێنم. ئینجا کە لەشکری ئینگلیز ھاتە سلێمانی قوتابخانەیەک بەناوی نموونەی سەعادەت کرایەوە چوومە ئەو قوتابخانەیە و لەوێ مامەوە ھەتا پۆلی یەکەمم تەواو کرد. لە سەردەمی شۆڕشەکەی خوارووی کوردستاندا بەھۆی بۆمبارانەوە خوێندنگەکە نامێنێ و تا دوای گەڕانەوەی شۆڕشگێڕان بۆ شاری سلێمانی و کرانەوەی ھەر دوو قوتابخانەی مەحموودییە و قادری ئەخۆل دەچێتە قوتابخانەی قادری تا پۆلی سێیەم دەخوێنێت دیسان شاری سلێمانی دەکەوێتە ژێر تۆپبارانی ھێزەکانی ئینگلیزەوە و شار چۆڵ دەکرێ قوتابخانەکەش دادەخرێت. دوای ھاتنەوە تا پۆلی پێنجەم لە ھەمان قوتابخانە تەواو دەکات.

● نازناوی ئەخۆل

وەک مامۆستا خۆی دەڵێ لە ماڵەوە لەجیاتی ئەحمەد پێیان دەوتم ئەحۆل لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەکەماندا کەسێک ھەبوو نەیدەتوانی بڵێ ئەحۆل دەیگوت ئەخۆل ئیتر ئەمە بووە هۆی ئەوە کە ئەخۆل ببێتە نازناوی ئێمە. بنەماڵەکەشی لە ئێستادا ئەم نازناوەیان ھەڵگرتووە.

❉ نموونەیەک لە شیعرەکانی

دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە ئێستاکەش ئەناڵێنێ
هەناسەی ساردی ناکامی لە سینەمدا ئەناڵێنێ

ئەگەر جوانیت سەرنجم ڕابكێشی مەگرە لێم چونکە
جەماڵت پەیکەری ڤینۆسی خوای جوانیش ئەجووڵێنێ

پەچەت لا دە ببینم ڕووت ئەمن خۆ سەیری ڕووت ناکەم
لە ڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان چلۆن نەخشێ ئەنەخشێنێ

کە تیشکی ڕۆژ ئەدا زاخاوی پرچی زەردی زێڕینت
لەلام قەوسوقازاح هیچ ڕەونەق و شەوقێکی نامێنێ

بەوەش دڵشاد و خۆشحاڵم کە یادی نائومێدی خۆم
بەخوڕ ئەشکی لە چاوانا قاتیش ماوم ئەبزوێنێ

تەمەن ڕوو بۆ خەزان ئەڕوا کەچی گەردوون ئەوا تازە
لە وێرانەی تۆوی گوڵی دڵداری ئەڕوێنێ

بە چەشنێ خۆشەویستی تۆ لە سینە و کەللەما چەسپە
مەگەر جامی ئەجەل ئەو تین و تاوەی لێ هەڵێنجێنێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry