✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

بە میراتی لە دڵمۆ داغی ڕەش بۆ لالە جێ ماوە
کە وەقتێ سەوز ئەبێ ئەو بۆیە وا ناو جەرگی سووتاوە

بە سۆز و ناڵە دەنگی بولبولێ من دێتە گوێم ئەمشەو
مەزەننە شیوەنی بۆ عاشقێکی تازەکوژراوە

وتی شێتی کە باڵای من ببێ تۆ سەیری عەرعەر کەی
لە جێیێ زوڵفی من بێ بۆ چی تۆ چاوت لە لاولاوە

فیدای ئەو زوڵفە بم وەک سونبولی تەڕ سەر هەتا پێی تۆ
لە دەوری قامەتی سەروت بە پێچ و حەڵقە ئاڵاوە

سبەینێ چوویە باغ و خاڵی ڕووی تۆی دی خەجاڵەت ما
وەنەوشە بۆیە ملکەچ ئێستە وا مەحزوون و داماوە

چلۆن تەیری دڵم ڕزگار ئەبێ جانا لە دەستی تۆ
کە خاڵت دانەیە و حەڵقەی ئەسیری زوڵفی وەک داوە

تەمەننام کرد کە ماچێ تۆ کەرەم فەرمووی بە بەندەی خۆت
وتی بێدەنگ بە نابینی ڕەقیب لەو لاوە وەستاوە

وتم تا کەی لە حەق من چاوەکەم تۆ بێوەفا و مەیلی
وتی نازانی «ئەحمەد» ئێستەکە بێمروەتی باوە

Kurdish_Poetry