٤٦٩٤
✓ ڕاجی (1912 - 1969)
ئەی بە ڕوومەت ماهی تابان، وەی بە باڵا موعتەدیل
وەی بە سیما ئەهلی جەننەت، چاوەکەت کەوسەر خەجیل
غونچەلەب کەی دێ بە خەندەی شەککەری گوڵڕەنگەوە
بولبولی ئاوارە کا، تا یەک تەبەسسوم مونفەعیل
کەی لە سایەی ڕۆین و گرژینەوەت دەگرم قەرار
تا لە کۆی دەردی فیراقت، دەمبەدەم بم مونتەقیل
ساقیا توخوا لە بادەی چاوەکانت پڕ کە جام
هەر وەکوو مەستانی قەدرت، بمکە جانا موشتەغیل
نیونەزەر گەر بێیە سەیری ئەم هەژارانەی فیراق
چلچرای کوڵمت ئەکەی بۆ دەردەداران موشتەعیل
کێ هەیە پەروانەئاسا دڵ نەسووتێنێ لە دووت
هەستە سا بۆ تەجرەبە جانا تۆ شەمعی ڕووبەهیل
دیدەعوننابم لە سایەی جامی ئاتەشڕەنگەوە
هەر وەکوو «ڕاجی» کە جەرگی بوو بە سەد خوێن موشتەمیل
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2025/12/12 ـدا کاتژمێر 20:42 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس