✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە
وجوودی وەک کەتانم لەتلەتی شوعلەی مەهی ڕووتە

دڵم دایم کە وا زامارە ئەی شۆخی دڵئازارم
هەمیشە خەستە و مەجرووحی شمشێری دوو ئەبرووتە

وەکوو شەمع ئەر دەمێ ئەگریم و گاهێ وام لە شەوقا من
هەموو سیحر و دەسیسەی عیلم و مەکری چاوی جادووتە

لە بازاڕی مەحەببەتدا من ئێستا زۆر بەسەرمایەم
ڕەقیبی سەگسیفەت ئەلحەمدولیللا ئێستە تابووتە

بچۆ بیمارخانەی عیشقی ئەو شۆخە تەماشا کە
لەلایێ ناڵە و دەنگی نەخۆشە لایێ تابووتە

ئەگەر سەد ساڵ جەفا کەی دڵبەرا من بەندەفەرمانم
کە چونکە من ئەزانم دائیمەن بەدخوویی هەر خووتە

نیگارم تووتییە بۆ خۆشزوبانی و لەنجە و عیشوە
ئەما حەیفێ کە ئەو شۆخە لەگەڵ زاغی سیا جووتە

ئەگەر «ئەحمەد» بەدایم عاشقی مەجنوونسیفەت ڕووتە
مەکە مەنعی هەموو تاوانی شەوق و شوعلەیی ڕووتە

Kurdish_Poetry