٤٦٧٩
✓ زاری (1905 - 1982)
دڵم پڕحەسرەت و ئازارە ئەمشەو
مەگەر شینی فیراقی یارە ئەمشەو
ڕەنگم زەردە، مەقامم هەردە وەک شێت
خەوم دەرد و خۆراکم ژارە ئەمشەو
سەرم پڕئێش و سینەم پڕ لە سەودا
لە چاومدا موژە وەک خارە ئەمشەو
لە وێرانەی منی خاترپەشێوا
خەفەت ساقی و غەم مەیخوارە ئەمشەو
وەفا مرد و موحەببەت بێسەمەر ما
سەفا خەوت و جەفا بێدارە ئەمشەو
شەپۆلی سەیلی خوێناوی دەروونم
وەکوو لافاوی ڕووبەخوارە ئەمشەو
لە گەرمی ئاهم ئاور هاتە ناڵە
دوو چاوم میسلی دوو جۆبارە ئەمشەو
جگەر پڕناڵە و سوراخە چون نەی
سەرم سەمتوور و ڕەگ چون تارە ئەمشەو
دوچاری سۆزی هیجرە بۆیە «زاری»
لە گیان و ماڵی خۆ بێزارە ئەمشەو
+ بڵاو کرایەوە لە 2025/7/11 ـدا کاتژمێر 15:48 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|