٤٦٦٧
✓ زێوەر (1875 - 1948)
کوردە ڕۆژی غیرەتە، لەم ڕۆژە ویجدانت ببێ
تۆ کە ئیسلامی شوکور، کردەی موسوڵمانت ببێ
کوردە ناوت کەوتە ناو ناوانەوە، گوێ ڕاگرە
لازمە بۆ تۆش بەدایم کردەوەی جوانت ببێ
دەرحەقی هاوشەهریی و هاومەزهەب و هاودینەکەت
ئیقتیدارت گەر هەیە ئینعام و ئیحسانت ببێ
دەس لە بێئینسافی هەڵبگرە ئەگەر مەردی بەناو
ڕەحم و ئینسافت لەگەڵ زومڕەی فەقیرانت ببێ
گەر قەسابی یا بەقاڵی، یا عەلافی یا توجار
خۆت بەلەعنەت قەت مەکە باوەڕ بە قورئانت ببێ
چەند هەزار دینار ئەکەیتە مەسرەفی قەسر و بینا
باوەڕت بێ بۆ دە دوازدە ساڵە ئیمانت ببێ
پارەکەت وا بوو بە بارێ لیرە تۆ نایبەیتە گۆڕ
شەرتە بۆ ڕێگەی قیامەت تۆشە و نانت ببێ
کوردە قەومی تۆ زەلیلە تۆش بە سەودا مەیکوژە
میللەتی خۆخۆر مەبە ئەخلاقی ئینسانت ببێ
گرد و دەشت و کێو ئەکێڵی سەعی ئەکەی بۆ چارەکێ
یەک دەقیقەش یادی چوونە گردی سەیوانت ببێ
تاکوو مومکین بێ درۆ و ناڕاستی و غەششت نەبێ
ڕوویی خەندان، خوڵقی مەردان، فکری چاکانت ببێ
کاسبی و قازانج و تێکۆشین پەسەندی عالەمە
نەک بە جارێ پشت لە حەق کەی مەیلی شەیتانت ببێ
تا بەئوممێدی وەزیفەی، ئەی جەوان هەر ڕاسی بی
عەشقی عیلم و مەشقی حیلم و شەوقی عیرفانت ببێ
عیلمە ئەتخاتە مەقامی بەرز و جێگەی ئیفتیخار
عیلمە بۆت نێزیک ئەکا گەر فیکری کەیوانت ببێ
ساڵی سەعی و غیرەتە ساڵی وەفا و ڕەحمەتە
تۆ کە نەیبەخشی چ سوود موڵکی سولەیمانت ببێ
نوێژ و ڕۆژوو و حەج و عەمرە نەفعی هەر بۆ خۆت هەیە
خۆت لە پەنجا نەوع ئەخۆی، یادێکی جیرانت ببێ