✓ حەمدی (1876 - 1936)

لە داوی میحنەت و دەردی زەمانە ئێستە ئازادم
کە پابەندی سەری زلفی پەریڕوویانی بەغدادم

بە بادی داوە لەیلا زلفی خاوی میشکبار ئەلبەت
منیش مەجنوونسیفەت بۆیە لە وادی دیجلە بەربادم

بە شۆری بولبولانەی من وەکوو گوڵ پێ کەنی دلبەر
وتی یاڕەب چ سڕڕێکە بە عاجزبوونی تۆ شادم

لە کێوی بێستوونی عەشقییا ڕەنگێکی شیرینم
کە ڕێژا جا وتم خەڵقینە بمناسن کە فەرهادم

بە شاگردی نەگرتم دەستگاهی چەرخی دوونپەروەر
لە بابی عالیی عەشقا شوکر ئێستاکە ئوستادم

لە جەورت خۆت دەزانی شەکوە ناکەم ئەی ستەمگەرشۆخ
نەوەک تەئسیری بێ جارێ لە دەرگاهی خودا دادم

لە لێشاوی سرشکم دیجلە پردی تاقەتی پچڕا
بناغەی جسرەکەی مۆدیشی کردە عەینی بونیادم

Kurdish_Poetry