✓ عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859 - 1916)

ڕوومەتت بەدری مونیرە، پەرچەمت وەک مشکی ناب
لەو خەجەڵ ما ئافتاب و لەم شکا قەدری گوڵاب

عیشقی تۆ دەمسازە بۆ مە گەر فیراقە گەر ویساڵ
نوتقی تۆ جانبەخشە بۆ مە گەر خیتابە گەر عیتاب

گەر حیجابی عیسمەتە یا حەسرەتە بۆ منی هەژار
مەعجەرت لادە لە ڕوو تۆ وەختە هەڵگیرێ حیجاب

با غەریقی بەحری هیجرت بم وەکوو نیلووفەڕیش
دوور بە دوور خۆ هەم بەرابەر بەو جەمالی ئافتاب

بێحسابن کوشتەیی پەیکانی غەمزەی چاوەکەت
گەر وەکوو ئەمسالی ئێمە بێنە سەر حەد و حیساب

تەوسەنی خۆت ڕامە بۆ ئەغیار چی بێ ئەی عەجەب
گەر دەگاتە بەختی مە ئەو سەرکەشێکە بەدڕیکاب

هێندە ڕاوەستا لە داوێن ئاوی فرمێسکی فیراق
بۆیە وێستا ئەشکی دیدەم قەترەیەک و سەد حوباب

توڕڕەیی شەوڕەنگ و خەتتی سەبز و زوڵفت کافییە
بۆ عەزابی مە چ لازم بەند و زنجیر و تەناب

بۆ نیساری مەقدەمت لە کنم عەزیزە جانی خۆم
بۆیە بۆ ئیساری جانی خۆم هەمە هێندە شەتاب

لەو دەمەی هاتوومە دەرگاهت، بە ئوممێدی نیاز
غەیری بارانی سرشکی خۆم نەدی قەت فەتحی باب

دڵبەرا بێ میهری تۆ ڕۆژ و شەوی تارە «ئەدەب»
باوجوودی لوتفی تۆ گەر دۆزەخە نِعمَ المآب

Kurdish_Poetry