٤٦٠٥
✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)
دڵێکی وام ئەمن ناوێ بە ناڵەی بێدڵان نەگری
وەکوو شەونم لەسەر خونچەی گوڵان بۆ بولبولان نەگری
وەکوو بولبول نەبێتە عاشقی گوڵ، دڵ بەکار نایە
ئەگەر شێتانە سبحەینان نەچێتە سەر چڵان نەگری
لە بەهرە و شەوق و زەوق و خێر و خۆشی دوورە ماڵکاول
دڵی وا بێ ئەوین، جارێک بە حاڵی عاشقان نەگری
شەوێ تا ڕۆژ دەناڵێنن، لەگەڵ تەیری شەوا جووتن
دڵی وام بۆ چییە بۆ وان شەوێ تا بەربەیان نەگری
شەوانە مەل دەخوێنن بۆ ئەوانەی دڵبریندارن
دڵم ناوێ بە دەنگی پڕ لە سۆزی وان، شەوان نەگری
بە هاتوچوونی شێتوپێتی دڵ با پێ کەنین، گەر ئەو
بە ئامۆژگاری زانایانی پیر و عاقڵان نەگری
لە ماڵێ قەت شەوانە ئۆقرە ناگرێ، ناسرەوێ تاوێ
«ئیمامی» تا سبەینێ زوو نەچێتە نێو گوڵان نەگری
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/10/31 ـدا کاتژمێر 22:23 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|