٤٦٠٣
✓ موخلیس (1910 - 1985)
دڵبەرێکم هەیە من، بسکەکی چینچینی هەیە
چاوەکی بێغەرەز و سینەکی بێکینی هەیە
زوڵفی زەردی کە لەسەر کوڵمی سپی حەڵقە دەدا
گەنجی زیو ڕاستە کە چەند مارێکی زێڕێنی هەیە
سەیری ئەو قامەتە کە هەر لەسەری تا بنی پێی
ڕۆژ و شەو، نەرگس و گوڵ، عەرعەر و نەسرینی هەیە
لێوی شیرینی ئەگەر بێ بە تەبەسوم بدوێ
غونچە باغی ئیرەم و شانەیی هەنگوینی هەیە
خۆشە لام دەستی بنەخشێنی بە خوونی دڵەکەم
تاکوو وەسفی بکرێ دەستەکی ڕەنگینی هەیە
با کە بێقەی بدڕێنێ بکە سەیری مەمەکەی
ئاسمانی حوسنی ئەو یارە، چ پەروینی هەیە
وردەخاڵی ڕەشی وایە کە عەتربەخشی ئەکا
مامزی چین و خەتا، نافەیی موشکینی هەیە
بۆیە فەرهادیسیفەت کەوتمە کێوان بەتەمای
وەعدەیی ئەو کچەمە، خینەکی شیرینی هەیە
هەر چی گوێ بگرێ لە «موخلیس» دڵی ئاگر دەگرێ
سەرگوزەشتەی من و تۆ تامی مەم و زینی هەیە
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/10/17 ـدا کاتژمێر 19:44 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|