✓ سەیید کامیل ئیمامی (1903 - 1989)

نێرگسی مەستی ئەو کە وا سەیری گوڵ و چەمەن دەکا
کایە بە سوێسن و گوڵ و شۆخی بە یاسەمەن دەکا

دڵ لە شکەنجی زولفی ئەو لانەیی کردووە قەدیم
مەنعی مەکە شەوانە گەر مەیلی وەلای وەتەن دەکا

چونکە شکاوە شووشەکەی، پاکی ڕژاوە ئابڕووی
بۆیە موشەووەشە و قسەی زولفی شکەن شکەن دەکا

قەددی بڵند و شووشی ئەو تەعنە لە سەروی باغ ئەدا
جیلوەیی پڕجەماڵی ئەو ڕەخنە لە ڕۆح و تەن دەکا

تەبعی مەلوولی «کامیل» ت، کاکە چلۆن دەگا بە تۆ
شەشدەری بەستراوە ئەو، ئارەزوویی کەفەن دەکا

Kurdish_Poetry