✓ حەمدی (1876 - 1936)

ئەی دیجلە لێڵ و وێڵی سرشکی ڕەوانی کێی
وەک تیری دڵشکافی لە بەحری کەوانی کێی

مەجنوونی زلفی خاوی چ لەیلایەکی لە چۆڵ
بەم لێوی وشکەوە بە هەموو دەم دووانی کێی

گەر ئابڕووتکاوی فەرموو تکاوی چ ڕوویەکی
ئەم بێقەرارییە چییە ڕۆحی ڕەوانی کێی

خاڵی نییە لە ناڵە دەروون و دڵت دەمێ
وەک نەی نەوایی شۆرە مەقامت قەوانی کێی

یا پیری یا لە قەهری زەمان پێچوتاب ئەدەی
قامەتخەمی فیراقی نیهالی جوانی کێی

تورکانە توندخوویی بە نەرمی کە عاشقی
ڕووت وا لە ئێمە ئاخۆ لە ئێمەی لەوانی کێی

ئەم خەتتی ئیستیقامەتە وەکوو گرتووتە بیگری
«حەمدی» دەزانی ڕەهبەری ڕۆژ و شەوانی کێی

Kurdish_Poetry