✓ حەمدی (1876 - 1936)

تۆ بە چاوی سورمەدار و زلفی موشکیننافەوە
ئاسکەکەی دەوری خەتا بووی کەوتییە ئەترافەوە

بەم شەوی هیجرانە فەرموو با چراخانێ بکەین
من بە شوعلەی ئاهی گەرم و تۆ بە مینای سافەوە

تۆ کە تاقەغونچەکەی گوڵزاری حوسنی ڕۆحەکەم
چیت بەسەر ئەسبابی تاقە و ئەتڵەس و کیشبافەوە

کفرە بۆ چی گەر بپرسی حاڵی خەستەی عەشقی خۆت
با بڵێن کردوویە جارێ ڕوو بەلای ئینسافەوە

سالیکی ڕێگەی موحیببەت سەر لە جێی پێ دادەنێ
چی بەسەر چۆلی عیراق و یا بە کێوی قافەوە

تا قیامەت با بەرن باری گلەی ئێمە سەلەف
ئاگرێکی وەک عەشقیان نایە دڵ ئەخلافەوە

تێ گەیشت «حەمدی» کە بەندەی شێتییە دنیا و دین
ڕوو ئیتر ناکاتە زاهید چی بەسەر ئەشرافەوە

Kurdish_Poetry