٤٥٧٨
✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)
سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە
دڵم پڕخوێنە بۆ ئەو لێوە ئاڵە
کە ئەو شۆخە لە حەق من میهرەبانە
ڕەقیب حیلە و دەسیسەی تۆ بەتاڵە
لە ئولکەی دڵبەریدا یارم ئەمڕۆ
شوکور شاهەنشەهی حوسن و جەماڵە
بە شمشێری برۆت ئەی یاری بەدخوو
دەخیلە بمکوژە خوێنم حەڵاڵە
لەلام بێقەدرە نەسرین و وەنەوشە
ئەگەر دەستم کەون ئەو زوڵف و خاڵە
بە دنیا دڵ مەبەستن ئەی ڕەفیقان
گەلێ دامادی دی ئەم پیرەزاڵە
وەفا و خووبان و سەبر و عاشقی زار
نەبینراوە ئەمە ئەمری مەحاڵە
فیدات بم چۆن بنووسم شەرحی حوسنت
لە تەعریفی زوبانی خامە لاڵە
لە دنیا هاتن و دەرچوون لەلای من
بەڕاستی «ئەحمەدا» هەر وەک خەیاڵە
+ بڵاو کرایەوە لە 2023/6/3 ـدا کاتژمێر 22:20 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس