✓ ئەحمەدی کۆر (1771 - 1856)

دڵبەرا تا کەی خەجڵ بێ دڵ لەبەر دەردی درێژە
تۆ خودا ڕەحمت لە دڵ بێ، بەس بە ناحەق خوێن مەڕێژە

بەس بکە قەتڵی ئەسیران، تۆ بەوان پەیکان و تیران
یا مەکووژە هێند فەقیران، یا کە کوشتت زووی بنێژە

هەر چی کوشتت زووی وەشێرە، خوو پڵنگ و سام شێرە
حۆری و زیبا و دلێرە، ئاگری عالەم بڕێژە

ئاگری پڕتین و تابە، زۆر بەئێش و پڕعەزابە
دڵ بەوی برژا و کەبابە، سووت بە ئەو ناری لەمێژە

سووت بە ناری زۆر بەتینە، یار بە عیشقی شای مەدینە
سا وەرە حاڵم ببینە، بەس بە من ژاری بچێژە

بەس بچێژە پێم زەقوومە، تالیعی من زشت و شوومە
بەحری خوێنین دێ لە ڕوومە، دڵ بە مەودای تیغی تێژە

دڵ بە تیغت بوو شەڵاڵە، هەر کە دی حوسن و جەماڵە
باک نییە هیچ قیلوقاڵە، بەو چەقی ڕۆژی درێژە

بۆ چییە ئیسلام و دینە، چونکە بۆ کەس ڕەحمی نینە
کاری ویم هەر قەتڵ و خوینە، عاشقان سەرمەست و گێژە

عاشقان مەستی مەجازە، نین لە عیشقی ڕاستە بازە
تالیبی عومری درازە، ماڵ و دەوڵەت کەڕڕ و گێژە

ماڵ و دەوڵەت سەرف و سوودە، ئەندەروونی بێوجوودە
وەک شەرەر خاڵی لە دوودە، پڕ لە ئاگر، تین بڕێژە

وەک تەنووری پڕ لە قینە، هەر دەسووتێ چینبەچینە
عاشقان پڕ لە برینە، خوێن لە ڕووح و جان بڕێژە

شیبهی خاشاک و غوبارم، چاوەڕێی پابۆسی یارم
چیدی نین هاوار و کارم، غەیری ناڵە و قێژەقێژە

«ئەحمەدی کۆر» ـی هەژارە، گەرچی پێت نین ئیختیارە
دەردی دڵ پەنهان بدارە، ڕازی خۆت بۆ کەس مەبێژە

Kurdish_Poetry