✓ فایق بێکەس (1905 - 1948)

قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین

میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆیی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە، بێ ترس، دەمبەخەندە و پێکەنین

قەومی وا نامرێ، ئەژی، با دوژمنی هەر شەق بەرێ
ساحێبی ڕۆڵەی نەبەردە، خاوەنی عەزمی مەتین

ئەو کەسەی گیانی لە ڕێگای نیشتمانا بەخت ئەکا
پێی مەڵێن مردوو، شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین

لاوی کورد مەردە لە مردن قەتعییەن باکی نییە
پەندی پێشینانە، ڕاستە بەرخی نێر بۆ سەربڕین

وا وەتەن دیسان بە مەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان
بۆ چی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین

ڕۆژی تێکۆشانە سا دەی هیمەتێ تاکوو زووە
بەشکوو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین

گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین، هەر سەرسەرین

پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێخەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین

Kurdish_Poetry