٤٥٢٤
✓ قانع (1898 - 1965)
بە عەزمی ئیستیخارە دوێنێ لە بانگی شێوان
نووستم کوتوپڕێ دیم پیاوێکی ئەهلی عیرفان
جوانچاک و ژیر و عاقڵ، ئەلفازی زۆر موڕەتتەب
فەسیح و ڕەند و زیرەک، نوورین و ساحیبئیمان
پرسیم لێی ناوت چییە و کوڕی چ میللەتێکی
تورکی یاخۆ عەجەمی، بولغاری یان لە کوردان
جوابی وەها ئەدا کرد لە خاکی پاکی کوردم
بەریم لە ئەمریکایی و دوورم لە قەومی ئەڵمان
کاوەم کە شۆرەتم بوو لە سەنعەتی زرێدا
کوشتم بە جاڕی میللەت زوحاکی دوور لە ئیمان
وتم تۆ خوا فڵانی، تۆ شارەزایی حاڵی
بۆ چی نەبوو لە کوردان پێغەمبەرێک لەبۆمان
ئاهێکی ساردی کێشا وتی وەڵڵاهی «قانع»
لە کوردی قوڕبەسەردا زۆرتر بوون ڕەسوولان
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/9/14 ـدا کاتژمێر 15:51 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|