✓ عەلی عارف ئاغا (1910 - 1996)

لەناو بێشە کە شێر ون بوو چەقەڵ بۆ خۆی ئەلوورێنێ
وە یا ڕێوی تەرەس بێترسە کلکی هەڵئەسووڕێنێ

کە شوعلەی بەرقی یەزدانی لە ئاسۆدا بروسکەی دا
دڵی بێنرخی نامەردان لەگەڵ ترسا ئەلەرزێنێ

ئەوەی ئازایە بێباکە لەلای دنیا کە ئاگر بێ
قەڵای پۆڵا بە دەستی هیممەتی وەک شووشە ئەشکێنێ

ئەوەی ڕیسوایە لای وایە هەموو کەس چەشنی ئەو وایە
بە ڕێگەی چەوت و ناڕێکا وەکوو کەر هەڵئەتیزێنێ

لە بەرچاوی نییە، دواڕۆژی خۆی و خزم و یارانی
ئەوەی ئەمڕۆ لە باخی ناکەسیدا خۆی ئەگەوزێنێ

بە ڕووخۆشی و درۆی دوشمن فریو قەت نادرێ زیرەک
بەڵام بێهۆش و بێقیمەت بە سەهلی خۆی ئەدۆڕێنێ

لە خودا بەو لاوە کوردستان کە دین و ئایینە بۆ من
گیان بۆ ئەو فیدا ئەکرێ ژیان هیچ جلیوە ناسێنێ

بڵێن بەو نالەبارانەی کە وا دەرچوون لە ناو پەردە
کەمێ شەرم و شەرەف باشە زەمان بەم حاڵە نامێنێ

بەسە سەرپۆشی بەدناوی نەدەن هێندە بەسەریانا
کە میللەت باوەڕی هەرگیز بە خائین چونکە نامێنێ

Kurdish_Poetry