٤٥١٢
✓ وەفایی (1844 - 1902)
لەسەر ڕووت کازیبەی زولفت وەلابە
کە سادیق بێ تلووعی ئافتابە
دڵ و دین هەر چی بوو قوربانی تۆ بوون
هەتا کەی ئیدی ئەم ناز و عیتابە
بڵا بەو ڕۆژە نیلووفەڕ نەسووتێ
بە مەرگی من سەری زولفت وەلابە
لە عەکسی عاریزت فرمێسکی چاوم
گوڵاوی ڕووتە هەم خوونابی نابە
وەرە بنوێنە خۆت بمکووژە قوربان
بە دینێک کوشتنی عاشق سەوابە
وەرە بنواڕە بەزمی عالەمی دڵ
چ خۆشدەورێکە هۆشیاری خەرابە
ئەگەرچی ناڵەیە هەر زەوق و شەوقە
ئەگەرچی گریەیە عەینی سەوابە
بە ناڵینی دڵی سووتاوی عاشق
هەموو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕەبابە
بە چاو و گەردەن و ڕوخساری ساقی
هەموو هەر شاهید و شەمع و شەڕابە
کوتم با قیمەتی وەسلت بە دڵ بێ
بە ماچێکیش لە زاری خۆت ڕەزا بە
کەچی فەرمووی دڵت نەشکێ «وەفایی»
ئەوە سەودایە، زەڕڕێکیش حیسابە
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/8/6 ـدا کاتژمێر 17:16 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس