٤٤٧٧
✓ مەحوی (1836 - 1906)
بە پیر ئەو ماهەوە چووم و بە سەر چووم
پەری بوو، ئەو نەبوو، شەو بوو، بە سەر چووم
تەلێ نێرگسم و باغی حیرەتم پێ
بە فەڕ هات و وەکوو گوڵ زوو بەسەر چووم
گڵەی پێشم لەسەر سەر هەم بووە بار
کە دی من دولبەرم هات و بە سەر چووم
دەزانم بادیەی عیشقە خەتەرناک
کەچی هەر چووم، ئەگەر مام و ئەگەر چووم
لە حینی نەزعی ڕۆحا، ڕۆحی عاشق
وتی ئۆخەی لە میحنەتخانە دەرچووم
بە ئۆغرکردنی من بوومە قەقنەس
کە ئەو چوو بۆ سەفەر، من بۆ سەقەر چووم
وتی قەت وا مەیە، من واوە هەر دێم
نەهات ئەو وا قەت و من واوە هەر چووم
شوکر موورم بووە پاماڵی میرێ
بەبێ نامی ژیام و ناموەر چووم
غەمی قاتیلمە «مەحوی» مونفەعیل ما
لە حەشرا کفنی خوێناوی بە بەر چووم
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/5/10 ـدا کاتژمێر 17:9 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|