✓ وەفایی (1844 - 1902)

ئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو
جان و دڵ مەحرووقی نارم، ئاخ لەبۆ تێڕێک دراو

ئاخ لەبۆ تێڕێک دراوان، نووری دڵ، بینایی چاوان
مەرهەمی دڵ کۆکراوان، مۆمیای پشتی شکاو

کوا ڕەفیقێکی تەواو بێ، شێرمەرد و دەستبڵاو بێ
ساحیبی چایی و پڵاو بێ، حاتەمی دەوران بە ناو

زێڕ و زیو فیکر و خەیاڵمە، دایک و باب و مام و خاڵمە
دولبەری سەد ماهـ و ساڵمە، لازم و مەلزوومکراو

زێڕ و زیو بابی هەتیوان، غەوس و قوتبی هیچنەدیوان
ئاخ کە لە منیش بۆتە میوان، دین و دڵ بۆی دانراو

هەر کە پارێکی دەبینم، دێتە کوڵ جۆشی گرینم
دادەنێم ئیمان و دینم، دێمە ئیکلام و سڵاو

دێمە ئیکلام و سڵاوان، زێڕ و زیو بینایی چاوان
ڕاحەتی جەرگ و هەناوان، گەر بە سیهابێ تەواو

چا و زێڕم بۆ وەدەرنێن، سوێند و موسحافم لەبەر نێن
خەنجەر و شیرم لەسەر نێن، عاشقم عاشقی دراو

عاشقم عاشق بە زێڕم، ئەی خودا چاوان دەگێڕم
پڕ بکەی خورجین و تێڕم، دا منیش ببمە پیاو

قەد کەست دی تەرزی من بێ ساحیبی منداڵ و ژن بێ
دەستمایەی کێر و گون بێ ڕووتوقووت و کەسنەماو

غەرقی دەریایی ڕیا بێ، مەستی تۆبەی دوو هەوا بێ
عاشقی مسکین وەفا بێ ئەی خودا بیخەی لە داو

Kurdish_Poetry