✓ قانع (1898 - 1965)

سەیری کە چەرخی کۆنە چلۆن شاڵ و جاو ئەکا
دوژمن بە ڕۆحی سێبەرە، مەیلی هەتاو ئەکا

مێباز و مێپەرستە موعینە بە ئیشی مێ
هاوڕەزمی شیری بێشەیە قەتڵی پیاو ئەکا

پیرەژنێ وەهایە بە سەد مەکر و چابلووس
خۆگیرە، خۆفرۆشە، لە گشت کەس سڵاو ئەکا

بەم پیرییە چ مناڵە، لەبۆ ڕەنگی ئاڵ و واڵ
ڕەنگڕێژە کووپەکانی، لە قەلبی شکاو ئەکا

گاهێ سەری لە هیچەوە، ئەیداتێ تەخت و تاج
گاهێ سەری لە تاجەوە، بە تپڵی دڕاو ئەکا

بەڕی نییە لە شاخەدا چنگدارە وەک پڵنگ
بەحری نییە لە بەحرەدا ئیشی سەراو ئەکا

کەبابچییەکی چ شۆخە، بەڵام دڵ ئەدا لە سیخ
قیمەی کەبابەکانی، لە جەرگی بڕاو ئەکا

دەوران وەکوو خەیاتە بە مقرازی هاتوچۆ
جلدووری چاکە کەواکەی لە لاشەی دڕاو ئەکا

«قانع» بە دەستی چەرخەوە وا مات و سەرکزە
بێهێز و بێتەکانە لە ماری کوژراو ئەکا

Kurdish_Poetry