٤٤٦١
✓ زاری (1905 - 1982)
ئەی ساحیبانی دین، برایانی موسلیمین
وا مانگی ڕۆژوو هات بەرەو پیری با بچین
مێهمانە، قەدری واجبە لەسەر موکەللیفان
بە زیکر و فیکر و تاعەتی مەولایی عالەمین
مانگی نزوولی ڕەحمەتی پەروەردگاری عالەمە
مانگی قبووڵی عوزر و تۆبەیە بۆ جەمعی تائیبین
ئەم مانگە هەر ئەو مانگەیە کەلامی خودا لەوا
نازڵ بووە سەر حەزرەتی سەرداری موڕسەلین
ئەم مانگە هەر ئەو مانگەیە کە حەربی بەدر لەوا
کرا و بوو بەدری منەووەر هیلالی دین
دارای شەوی قەدرە کە باڵاترە جەزای
لە یەک هەزار مانگ عیباداتی عابیدین
فریشتەکانی ئاسمانی ئەو شەوە بە ئیزنی
خودای گەورە لەگەڵ ڕۆح دێنە سەر زەمین
مەشغووڵی تاعەت و حەمد و سەنای زاتی پاک
خودان تا بەیان لەگەڵ جەمعی ساڵحین
هەستن لە خەوی غەفڵەت و بێدار ببنەوە
بێنۆ کە عەبدی خودا بین و غوڵامی هەوا نەبین
ئەم نەقدی عومرە حەیفە کە بێهوودە بگوزەرێ
تۆشەی نەجات واجبە ئەمڕۆکە هەڵگرین
یادێ لە مەرگ و قەبر و سوئالات و خۆفی ڕۆژ
حەساب بۆ نەکەین مەگەر ئێمە نامرین؟
بۆ ڕاهی وا درێژ و پێچپێچ و پڕخەتەر
بێ فکری تۆشە قەت نییە ئینسانی دووربین
تا عومر باقییە کارێ بکەن کە بێعەمەڵ
نەدراوە بە کەس وەعدەیێ بۆ جەننەتی بەرین
کەشتی نەجات چاکەیە، نەک کردەوەی قەبێح
ڕۆژی عوبووری خەلق لە دەریای ئاتەشین
بێنۆ بچینە دایرەی ئەم دینە حەققە با
ئەهلی بەهەشت بین و جەحیم و سەقەر نەچین
بەم ڕێگە ڕاسەدا خودا بە ڕەهبەری ڕەسووڵ
بمانبە ناو مەنزڵی بێخۆفی آمنين
بۆ تۆیە نوێژ و تاعەت و مەرگ و حەیاتمان
اياك نعبد یا ڕەببی و اياك نستعين
بێغیرەتییە «زاری» تەنەففور لە دیانەت
بۆ ئێمە ئەگەر پەیڕەوی دینی موحەممەدین