✓ حەمدی (1876 - 1936)

ناوی تۆ نابەم بە دەم بمبێ لە دڵدا گەر تەڵەب
ناسکی تۆ خوانەخواستە نەک لە ئاهم بگری تەب

ڕووی نییە ئەسڵەن لە ڕووتا چاوی هەڵبێ خۆر ئەگەر
چاوی هەڵبێ گێژ ئەبێ وەک بەنگی ئاوێنەی حەلەب

غەیری غوفڕان قەت لە دەرگاهی خواشت شت نەوێ
قەت لە بازاڕی تەڵەبدا چونکە نەمدیوە ئەدەب

ئیفتیخاری پێشووانە گەر لەگەڵ فەزڵا کرا
وەرنە تەحقیرە کە بەدخوویان بکەن باسی نەسەب

ئیختیساسێکە سەری فەخرم گەیشتە ئاسمان
من لە عالەم دەر دەکا دەیکا لەگەڵ عالەم تەرەب

هەر دوو هەمدەردین لەگەڵ گەوهەر بەیادی لێوی تۆ
مەوج لە دڵمانا دەدا بەحرێکی خوێن و توشنەلەب

خۆم دەزانم عاقیبەت «حەمدی» دەخەیتە باخەڵت
چونکە ڕەنگزەردی دەوێ مەعلوومە جۆیایی زەهەب

Kurdish_Poetry